البحث

عبارات مقترحة:

العليم

كلمة (عليم) في اللغة صيغة مبالغة من الفعل (عَلِمَ يَعلَمُ) والعلم...

الأول

(الأوَّل) كلمةٌ تدل على الترتيب، وهو اسمٌ من أسماء الله الحسنى،...

الحفيظ

الحفظُ في اللغة هو مراعاةُ الشيء، والاعتناءُ به، و(الحفيظ) اسمٌ...

ئادابى گفتوگۆكردن

الكردية - Kurdî / كوردی

المؤلف یاسین ئه‌حمه‌د زه‌نگه‌نه‌ ، پشتیوان سابیر عه‌زیز
القسم مقالات
النوع نصي
اللغة الكردية - Kurdî / كوردی
المفردات الآداب - آداب الكلام
ئه‌م بابه‌ته‌ دوو ته‌وه‌رى سه‌ره‌كی له‌ خۆ ده‌گرێت: یه‌كه‌م: پاراستنى زمان وه‌ك كلیلى حیوار و گفتوگۆ كردن... دووه‌م: ئادابى حیوار و گفتوگۆ كردن...

التفاصيل

  ئادابى گفتوگۆكردن     ئایینى پیرۆزى ئیسلام له‌ هه‌موو بواره‌كانى ژیاندا به‌رنامه‌و ئامۆژگارى خۆى هه‌یه‌ و، پێویسته‌ مسوڵمانان ره‌چاوى بكه‌ن و پێوه‌ى پابه‌ند بن. مرۆڤ بونه‌وه‌رێكى كۆمه‌ڵایه‌تی قسه‌كه‌ره‌، په‌روه‌ردگار نیعمه‌تى ئاخاوتنى پێ به‌خشیوه‌، له‌ هه‌مان كاتدا له‌ دووتوێى قورئان و فه‌رموده‌دا چه‌ندین رێنمایى و به‌رچاوروونى خراوه‌ته‌رِوو، تا مسوڵمانان له‌كاتى گفتوگۆو قسه‌كردندا ره‌چاوى بكه‌ن و سنور و بازنه‌ شه‌رعیه‌كان نه‌به‌زێنن، ئه‌مه‌و باسه‌كه‌مان له‌ دوو ته‌وه‌رى سه‌ره‌كیدا ده‌خه‌ینه‌ رِوو: یه‌كه‌م: پاراستنى زمان وه‌ك كلیلى حیوار و گفتوگۆكردن: 1- پێغه‌مبه‌رى ئازیز( صلی الله علیه وسلم ) فه‌رمویه‌تى: (من كان یؤمن بالله والیوم الآخر فلیقل خیرا أو لیصمت) متفق علیه‌. واته‌: (ئه‌و كه‌سه‌ى باوه‌رِى به‌خواو رۆژى دوایى هه‌یه‌، با قسه‌ى خێر و چاك بكات یان بێده‌نگ بێت) برِوادار پێویسته‌ هه‌رده‌م قسه‌ى چاك بكات، ئه‌گه‌ر قسه‌ى چاكه‌ى لانه‌بوو، واباشه‌ بێده‌نگ بێت. له‌م فه‌رموده‌یه‌دا برِوابوون به‌ خواى گه‌وره‌و رۆژى دوایى به‌ستراوه‌ به‌ پاراستنى زمانه‌وه‌، كه‌واته‌ تا بۆمان ده‌كرێ با قسه‌ى خێر و چاك بكه‌ین، چونكه‌ هه‌ر قسه‌یه‌ك كه‌ ده‌یكه‌ین لێى به‌رپرسیارین، هه‌روه‌كو خواى گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: { مَا يَلْفِظُ مِنْ قَوْلٍ إِلَّا لَدَيْهِ رَقِيبٌ عَتِيدٌ } ق 18 . واته‌: هه‌ر وته‌یه‌ك كه‌ له‌ ده‌م ده‌رده‌چێت، چاودێرێكى به‌سه‌ره‌وه‌یه‌و ده‌ینوسێت ، بێگومان ئه‌و چاودێرانانه‌ش فریشته‌كانى سه‌رشانن . نابى زۆر بڵێ و هه‌ڵه‌شه‌و بین له‌ قسه‌كردندا، چونكه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله علیه وسلم ) ده‌فه‌رموێت: (وان أبغضكم إلي وأبعدكم منی مجلسا یوم القیامة‌ الثرثارون والمتشدقون والمتفیهقون) رواه الترمذی وقال حدیث حسن. واته‌: ئه‌وانه‌تان كه‌ زۆرم رق لێیانه‌ و چاره‌یانم ناوێت و له‌منه‌وه‌ دوورن له‌ رۆژى دواییدا، ئه‌وانه‌ن كه‌ زۆر بڵێ و چه‌نه‌بازن و، زۆر قسه‌ درێژ ده‌كه‌نه‌وه‌و زوو نایبرِنه‌وه‌، له‌ كاتى قسه‌كردندا لوت به‌رز و سه‌ركه‌شن و خۆیان به‌زۆرزان له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن . بێده‌نگى -له‌كاتى خۆیدا- له‌ ره‌وشتى به‌رزى موسوڵمانانه‌و كه‌م كه‌سیش ده‌توانێت له‌خۆیدا به‌دى بهێنێى و خۆى له‌سه‌ر رابهێنێ، بۆیه‌ ده‌بێ هه‌وڵى زۆر بده‌ین و خۆمانى له‌سه‌ر رابهێنین. چونكه‌ پێغه‌مبه‌رى خوا له‌ یه‌كێك له‌ ئامۆژگارییه‌كانیدا ده‌فه‌رموێت  (فلیقل خیرا أو لیصمت).. پێویسته‌ درێژى به‌ بێده‌نگى بده‌ن و خۆتانى له‌سه‌ر رابهێنن، چونكه‌ هۆیه‌ بۆ راونان و دورخستنه‌وه‌ى شه‌یتان و، یارمه‌تى ده‌ره‌ بۆ پاراستن و جێبه‌جێ كردنى فه‌رمانه‌كانى په‌روه‌ردگار. 2- پێویسته‌ موسوڵمان له‌كاتى قسه‌كردندا ئاگاى له‌خۆى بێ و بزانێت چى ده‌ڵێ، چونكه‌ هه‌روه‌كو شێخ حه‌سه‌نى به‌سرى-ره‌حمه‌تى خواى لێ بێت- ده‌ڵێت: (ئه‌ى ئاده‌میزاد، په‌رِه‌ت بۆ كێشراوه‌و فریشته‌كانیش ده‌ست به‌ قه‌ڵه‌م و ئاماده‌ن و ده‌نوسن، چى ده‌ڵێى بیڵێ) 3-  ئه‌وه‌ى كه‌ برِواى ته‌واوى هه‌بێت به‌ رۆژى دوایى و به‌وه‌ى كه‌ روبه‌روى ده‌بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ كرده‌وه‌كانیدا، ئه‌وا ناچار ده‌بێت كه‌ زمانى بپارێزێت، چونكه‌ زۆربه‌ى تاوان به‌ زمان ده‌كرێت و به‌رى تاوانى زمانه‌، خاوه‌نه‌كه‌ى به‌رِودا فرِێ ده‌داته‌ دۆزه‌خه‌وه‌، هه‌روه‌ك پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله علیه وسلم ) ده‌فه‌رموێت: (وهل یكب الناس فی النار على وجوههم إلا حصائد ألسنتهم) رواه الترمذی وقال حدیث حسن صحیح. واته‌: ئایا هه‌ر به‌هۆى تاوانى زمانه‌وه‌ نیه‌، خه‌ڵك به‌روودا فرِێ ده‌درێنه‌ ناو دۆزه‌خه‌وه‌؟. 4- پاراستنى زمان له‌ قسه‌ى خراپ و بێ جێ، هۆیه‌كى سه‌ره‌كیه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ پله‌ى ئیمان و سه‌رفرازى و به‌خته‌وه‌ری له‌ دنیاو دوارۆژدا، بۆیه‌ هاوه‌ڵه‌ به‌رِێزه‌كانى پێغه‌مبه‌رى خوا ( صلی الله علیه وسلم ) زۆر هه‌وڵى پاراستنى زمانیان ده‌داو هه‌وڵیان ده‌دا ته‌نها به‌پێى قورئان و سونه‌ت قسه‌ بكه‌ن، خواناسى وا هه‌بوه‌ رۆژانه‌ یان هه‌فتانه‌ سه‌رژمێرى قسه‌كانى كردوه‌و پاشان به‌راوردى كردوه‌، چه‌ندى بۆ ره‌زامه‌ندى خواى گه‌وره‌ بوه‌و، چه‌ندى قسه‌ى دنیایى و بێ جێ بووه‌؟ 5- قسه‌ زۆركردن ده‌بێته‌ مایه‌ى هه‌ڵه‌كردنى زۆر له‌ كاتى قسه‌كردندا، چونكه‌ كه‌ زۆرت وت له‌وانه‌یه‌ چاكیش بڵێیت و خراپیش بڵێیت. وه‌ك پێشه‌وا عومه‌رى كورِى خه‌تاب ده‌ڵێت: (من كثر كلامه كثر سقطه، ومن كثر سقطه كثر ذنبه، ومن كثر ذنبه فالنار اولى به) واته‌: (هه‌ركه‌سێك قسه‌ى زۆر بكات هه‌ڵه‌ى زۆر ده‌بێت، هه‌ركه‌سێ هه‌ڵه‌ى زۆر بێت تاوانى زۆر ده‌بێت، هه‌ركه‌سێك تاوانى زۆر بوو ئاگر شایسته‌یه‌ بۆى) 6-  ئه‌بو موسا خواى لێرِازیبێت وتى : وتم :( یا رسول الله أي المسلمین أفضل ؟ قال من سلم المسلمون من لسانه و یده ) متفق علیه . واته‌ ئه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا( صلی الله علیه وسلم ) كام له‌ مسوڵمانان چاكترینن ؟ وتى : ئه‌وانه‌ى كه‌ مسوڵمانان له‌ده‌ست و زمانیان بێوه‌ین . لێره‌دا پاراستنى زمان به‌رامبه‌ر به‌ مسوڵمانان وه‌ك سیفه‌تێكى به‌رزى مسوڵمانێتى هاتۆته‌ ئه‌ژماردن . 7- پێویسته‌ مسوڵمان خۆى له‌و قسه‌و باسانه‌ به‌دور بگرێت كه‌ په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌ نیه‌و پێویستى پێى نیه‌ ، هه‌روه‌ها خۆى بپارێزێت له‌چپه‌چپ ، به‌ڵكو زۆر جار ئه‌م ره‌فتارانه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ى نیگه‌رانى و دڵئێشانى كه‌سانى به‌رامبه‌ر . خواى گه‌وره‌ له‌ قورئانى پیرۆزدا فه‌رمویه‌تى: { لَا خَيْرَ فِي كَثِيرٍ مِنْ نَجْوَاهُمْ إِلَّا مَنْ أَمَرَ بِصَدَقَةٍ أَوْ مَعْرُوفٍ أَوْ إِصْلَاحٍ بَيْنَ النَّاسِ }النساء 114 . واتا : هیچ چاكه‌یه‌ك نیه‌ له‌ زۆربه‌ى چپه‌و سرته‌ كردنه‌كانیاندا ، مه‌گه‌ر یه‌كێك فه‌رمان بكات به‌ماڵ به‌خشین یان چاكه‌ یان چاكردنى نێوان خه‌ڵكى. هه‌روه‌ك پێغه‌مبه‌رى خوا( صلی الله علیه وسلم )فه‌رمویه‌تى: (من حسن إسلام المرء تركه مالا یعنیه) أخرجه الترمذی. به‌واتاى : له‌جوانى و چاكى مسوڵمانێتى كه‌سێك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خۆى به‌دور بگرێت له‌وانه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌ نیه‌ . 8-  هه‌ندێك له‌ دانایان وتویانه‌ گه‌ر پیاو له‌ كۆرِێكدا بوو حه‌زى له‌ قسه‌كردن بوو بابێده‌نگ بێت ، گه‌ر بێده‌نگ بوو حه‌زى له‌ بێده‌نگى كرد با قسه‌ بكات ، نه‌بادا قسه‌كردنه‌كه‌ى یان بێده‌نگیه‌كه‌ى له‌ خۆبه‌گه‌وره‌ زانینه‌وه‌ هاتبێت . دووه‌م: ئادابى حیوار و گفتوگۆ كردن: 1- دڵسۆزى پێویسته‌ له‌كاتى حیوارو گفتۆكردندا دڵسۆزى ته‌واو به‌ خه‌رج بده‌ین و مه‌به‌ستمان ره‌زامه‌ندى خواو گه‌یشتن به‌راستیه‌كان بێت ، خۆمان به‌دور بگرین له‌خۆده‌رخستن و هه‌ر ئاكارێكى نه‌شیاوو ناپه‌سه‌ند ، یان مه‌به‌ستمان خۆسه‌پاندن و خۆناساندنێك بێت كه‌ لوتبه‌رزى و خۆبه‌گه‌وره‌ زانینى لێ بخوێنرێته‌وه‌ . ئه‌مه‌و دڵسۆزى و نیه‌ت پاكى مه‌رجى یه‌كه‌مى وه‌رگیرانى هه‌ر كارو كرده‌وه‌و عیباده‌تێكى مسوڵمانه‌ له‌لایه‌ن خواى گه‌وره‌وه‌، هه‌روه‌ك له‌ قورئاندا فه‌رمویه‌تى: { وَمَا أُمِرُوا إِلَّا لِيَعْبُدُوا اللَّهَ مُخْلِصِينَ لَهُ الدِّينَ }البینة:5. به‌واتاى : فه‌رمانیان پێنه‌درابوو مه‌گه‌ر به‌وه‌ى په‌رستشى خوا بكه‌ن ، به‌دڵسۆزى ملكه‌چى بۆ بكه‌ن . له‌ به‌ڵگه‌ى دڵسۆزى و نیه‌ت پاكى بۆ خوا ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ خۆشحاڵ بێت له‌كاتى گفتوگۆكردندا گه‌ر راستى له‌سه‌ر زمانى به‌رامبه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ركه‌وت. هه‌روه‌ك ئیمامى شافعى ره‌حمه‌تى خواى لێبێت فه‌رمویه‌تى: ( ما ناظرت احدا الا تمنیت لو ان الله ظهر الحق على لسانه‌ ) به‌واتاى : مشتومرِو و گفتوگۆم له‌گه‌ڵ هه‌ركه‌سێكدا كردبێت ئه‌وا ئاواته‌خواز بووم خواى گه‌وره‌ راستیه‌كان له‌سه‌ر زمانى ئه‌وه‌وه‌ ده‌ربخات . 2- پابه‌ند بوون به‌كات پێویسته‌ له‌كاتى گفتوگۆكردندا ئه‌و راستیه‌ له‌مێشكدا بچه‌سپێت، كه‌ سنور بۆ قسه‌كانمان دابنێین و درێژه‌ى نه‌ده‌ینێ و، به‌رامبه‌ر وه‌رِس و ماندوو نه‌كه‌ین و، چه‌ندێك بوار به‌ خۆمان ده‌ده‌ین بۆ قسه‌كردن، ئه‌وه‌نده‌ش كات بده‌ینه‌ كه‌سى به‌رامبه‌رمان تا قسه‌ بكات، له‌هه‌مان كاتیشدا به‌چاكى و جوانى گوێى لێبگرین و قسه‌ى پێ نه‌برِین تا به‌ته‌واى له‌ وته‌كانى ده‌بێته‌وه‌. ئه‌مه‌و پێویسته‌ ره‌چاوى كات بكه‌ین و پێوه‌ى پابه‌ند بین. 3-گوێگرى باش هه‌رچۆن ده‌خوازیت به‌رامبه‌ر گوێبیستى وته‌كانت بێت و قسه‌ت پێ نه‌برِێت ، پێویسته‌ تۆش گوێگرێكى باش بیت و ره‌چاوى هه‌ست و نه‌ستى به‌رامبه‌ر بكه‌یت ، سیفاتى گوێبیستى باش له‌ ره‌وشت به‌رزیدایه‌و ناكرێت به‌هیچ بیانویه‌ك فه‌رامۆش بكرێت . ئه‌مه‌و گفتوگۆكه‌رى سه‌ركه‌وتوو ئه‌و كه‌سه‌یه‌ هونه‌رى گوێگرتن به‌چاكى بزانێت و به‌باشى ره‌چاوى بكات ، هه‌روه‌ك چۆن قسه‌كردن هونه‌ر و چێژو ئادابى خۆى هه‌یه‌ گوێگرتنیش به‌هه‌مان شێوه‌ ئاداب و هونه‌رى خۆى هه‌یه‌. 4- پابه‌ند بوون به‌ وته‌و ئاكارى جوان و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ گرژى و توندو تیژى پێویسته‌ له‌كاتى گفتۆكردندا پابه‌ندبین به‌ به‌وته‌و گفتۆگۆى جوانه‌وه‌ ، هه‌روه‌ك خواى گه‌وره‌ له‌ چه‌ندین ده‌قى قورئاندا ئاماژه‌ى پێداوه‌ . { وَقُلْ لِعِبَادِي يَقُولُوا الَّتِي هِيَ أَحْسَنُ }الإسراء 53 . به‌واتاى : بڵێ به‌به‌نده‌كانم قسه‌یه‌ك بكه‌ن باشترینى قسه‌بێت . هه‌روه‌ها فه‌رمویه‌تى: { وَقُولُوا لِلنَّاسِ حُسْنًا } البقرة 83 . به‌واتاى :قسه‌ى جوان بكه‌ن له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا بكه‌ن . هه‌روه‌ها فه‌رمویه‌تى: { وَجَادِلْهُمْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ }النحل 125 . به‌واتاى :به‌چاكترین شێوه‌ له‌گه‌ڵیان بدوێ . كه‌سى ژیر و دنیادیده‌و حه‌قخواز پێویسته‌ خۆى به‌دور بگرێت له‌ شێوازى تانه‌و ته‌شه‌ره‌و سوكایه‌تى پێكردن و دژایه‌تى و تورِه‌كردن و مامه‌ڵه‌ى زبر و توند و هه‌ر هه‌ڵوێست و جموجۆڵێكى نه‌شیاو. له‌ گفتوگۆكردندا كاركردنه‌ سه‌ر به‌رامبه‌رو دڵرِاكێشانى له‌ پێشتر و گرنگتره‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانى ده‌سكه‌وته‌كان، پێویسته‌ بزانرێت زمانى زبرو ده‌نگى به‌رز و خۆ گیفكردنه‌وه‌ ته‌نها رق و كینه‌و دژایه‌تى لێ فه‌راهه‌م دێت و له‌ ئامانجه‌كان دورمان ده‌خاته‌وه‌و كاردانه‌وه‌ى خراپیش لاى به‌رامبه‌ر دروست ده‌كات. 5-  رێزگرتنى به‌رامبه‌ر پێویسته‌ له‌ كۆرِى گفتوگۆ و حیواردا، جه‌خت بكرێته‌وه‌ له‌سه‌ر رێزگرتنى هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كانداو، هه‌ریه‌ك مافى خۆى پێ بدرێت و، دان به‌ ئاست و پله‌و پایه‌یدا بنرێت و، به‌ ده‌سته‌واژه‌ى شایسته‌و نازناوى گونجاو و شێوازى شیرین له‌گه‌ڵیدا بدوێت. ئه‌م ئاكارانه‌ش به‌ره‌و وه‌رگرتنى حه‌ق و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ هه‌واو ئاره‌زوو و زاڵبوون به‌سه‌ر ده‌روندا ده‌مانبات، به‌ڵام به‌ كه‌م زانینى به‌رامبه‌ر و په‌راوێزكردنى، به‌ره‌و ئاقارى خراپ ده‌مانبات و ناگه‌ین به‌ ئامانجه‌كان و گفتوگۆكان به‌ره‌و لارٍآ ده‌رِوات و سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ناهێنێت. هه‌موو لایه‌نه‌كان پێویسته‌ تواناكانیان چرِكه‌نه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌و بابه‌ته‌ى كه‌ له‌سه‌رى ده‌دوێن و، هه‌موولا هه‌وڵ بده‌ن بگه‌ن به‌ ئه‌نجامێكى باش و خوازراو، دوركه‌ونه‌وه‌ له‌گیانى لوتبه‌رزى و خۆ به‌گه‌وره‌ زانین و خۆده‌رخستن و برینداركردنى به‌رامبه‌ر. ئامانج و به‌رهه‌مى حیوار گه‌یشتنه‌ به‌ راستیه‌كان، هه‌ركه‌س مه‌به‌ست و خواست و داواكانى حه‌ق بێت، به‌ نزیكترین و جوانترین رێگا پێى ده‌گات، رێگاى رون و ئاشكراش رێگاى حیوار و گفتوگۆكانه‌، ئه‌و رێگایه‌ى پێغه‌مبه‌رانى خوا (سه‌لامى خوایان لێ بێت)، له‌نێویاندا پێغه‌مبه‌رى ئیسلام محمد ( صلی الله علیه وسلم ) سه‌رمه‌شق و پێشه‌واى حیوار و گفتوگۆ بووه‌ به‌ مه‌به‌ستى گه‌یاندنى په‌یام و بانگه‌وازى خوا به‌ مرۆڤایه‌تى، ئه‌مه‌و خواى گه‌وره‌ له‌ قورئانى پیرۆزدا فه‌رمویه‌تى: (ادع الی سبیل ربك بالحكمة و الموعظة الحسنة و جادلهم بالتی هی احسن ان ربك هو اعلم بمن ضل سبیله وهو اعلم بالمهتدین ) النحل:125. به‌واتاى : خه‌ڵكى بانگ بكه‌ بۆ رێگه‌ى په‌روه‌ردگارت به‌لێزانى و داناى و ئامۆژگارى چاك و شیرین وه‌ له‌گه‌ڵیان بدوێ ( موجاده‌له‌ بكه‌ ) بێگومان په‌روه‌ردگارت چاك ده‌زانێت به‌وانه‌ى گومرِابوون و لایان دا له‌ رێگاكه‌ى ، هه‌ر خۆشى زانایه‌ به‌وانه‌ى له‌سه‌ر رێگاى راستن . 6- ئارامى و نه‌رم و نیانى پێویسته‌ كه‌سى گفتوگۆكه‌ر نه‌رم و نیان و به‌ئارام و خۆگربێت و بۆ بچوكترین شت تورِه‌ نه‌بێت . چونكه‌ تورِه‌بوون و زبرى زیان به‌ ره‌وشى گفتۆگۆ ده‌هێنێ و له‌مه‌به‌ست و ئامانجه‌كان دورمان ده‌خاته‌وه‌وه‌ . خواى گه‌وره‌ له‌ قورئانى پیرۆزدا فه‌رمویه‌تى:{ خُذِ الْعَفْوَ وَأْمُرْ بِالْعُرْفِ وَأَعْرِضْ عَنِ الْجَاهِلِينَ } الاعراف199 . به‌واتاى : ده‌ست بگره‌ به‌لێبورده‌ییه‌وه‌ (چاوپۆشى بكه‌) فه‌رمانیش بده‌ به‌ چاكه‌و چاكه‌كردن روو وه‌رگێرِه‌ له‌نه‌فامان و نه‌زانان و وازیان لێبێنه‌ .   سه‌رچاوه‌كان بۆ ئاماده‌كردنى زنجیره‌ باسه‌كانی ئاداب و هه‌ڵسوكه‌وته‌كان سود له‌م سه‌رچاوانه‌ى خواره‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ : 1- پوخته‌ى ته‌فسیرى قورئان/ ئاماده‌كردنى مه‌لا محه‌مه‌د مه‌لا صالح . 2- موسوعة‌ الحقوق الإسلامية‌/ سعد یوسف محمود ابو عزیز/ المكتبه‌ التوفیقیة‌/ القاهرة‌- مصر 3- موسوعة‌ الحقوق الإسلامية/ الشیخ محمود المصری- ابو عمار-/ مكتبه‌ الصفا- ط1 2008 4- شخصیه‌ المسلم كما یصوغها الإسلام فی الكتاب والسنة‌/ الدكتور محمد على الهاشمی/ ط1 1425هـ. وزاره‌ الشؤون الإسلامیة والأوقاف والدعوة‌ والإرشاد السعودية‌. 5- به‌رنامه‌ى په‌روه‌رده‌یى، كۆمه‌ڵى ئیسلامى كردستان. 6- مختصر منهاج القاصدین- الإمام المقدسي 7- ریاض الصالحین- الإمام النووي. 8- الترغیب والترهیب- الإمام المنذري. 9- خلق المسلم/ محمد سعید مبیض. 10- آداب الحوار و قواعد الاختلاف ... إعداد د. عمر بن عبد الله كامل 11-  ماڵپه‌ڕه‌كانی ئینته‌رنێت.